سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای چارەسەری بنچینەیی بۆ کێشەکی بودجە و مووچەی هەرێم دەکات و دەڵێت، مووچەخۆران لە دۆخێکی زۆر خراپدان و داواشی کرد هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
ژیان:
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دهۆک رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان ئامادەیە بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکات، ئێمە کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد "هیچ کێشەیەک ئەونە ئاڵۆز نییە لەنێوان یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکە کە چارەسەر نەکرێت، بەڵکو هەموو کێشەکان بە لێکتێگەیشتن چارەسەر دەکرێت".
لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیشەوە نێچیرڤان بارزانی وتی" فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدا دەژین، خێراکردنی دانانی چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانییە، بۆ حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە عێراقدا، قەیرانی دارایی و گوشار لەسەر ژیانی خەڵک لە هەرێمی کوردستان، دەتوانرێت بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزوویی چارەسەر بکرێت".
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، "ئازایەتیی راستەقینە چارەسەرکردنی کێشەکانە؛ شەڕ جگە لە پەرەسەندنی بیری تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژی و وێرانکاری، هیچی دیکەی لێناکەوێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە بەخێرایی ئەمە بکرێت چونکە کاری کردووەتە سەر ژیانی خەڵک و بازاڕی هەرێمی کوردستان، پێویستە پەلە بکرێت لە نەهیشتنی بەربەستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان چەندین ملیار دۆلار زیانی بە داهاتی گشتی عێراق و ئابووری گشتی گەیاندووە، هیچ سوودێکی بۆ عێراق تێدانییە کە بەم شێوەیە بەردەوام بێت".
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عیراق لە شاری دهۆک دەستیپێکرد.