کۆڕەک تیلیکۆم لەژێر فشاردا قەرزەکانی دەداتەوە

  2023-11-24  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک دوای چەند دانیشتنێک لەسەر قەرزەکانی ئەو کۆمپانیایە گەیشتوونەتە رێککەوتن و کۆمپانیای کۆڕەک بڕیاریداوە بەپێی خشتەیەک قەرزەکانی بداتەوە.

ژیان:
عەقیل فەتلاوی، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی لە ئەنجومەی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەند دانیشتنێکیان لەگەڵ بەرپرسانی کۆمپانیای کۆڕەک ئەنجامداوە، تایبەت بەو قەرزانەی لەسەر کۆمپانیاکەیە، لە دانیشتنەکانیشدا هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن و کۆمپانیای کۆڕەک بڕیاریداوە قەرزەکانی بداتەوە. 

وتیشی، وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق پابەندکراوە بە راگرتنی رێوشوێنەکانی پچڕاندنی هێڵی پەیوەندی کۆمپانیای کۆڕەک.

رۆژی ١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو قەرزانەی لەسەری کەڵەکە بووە، ماوەیەکە حکومەتی عێراق فرۆشتنی سیمکارتی کۆڕەکی راگرتووە و لەگەڵ ئەوەشدا بەشداربووانی هێڵەکانی دیکە ناتوانن پەیوەندی بە هێڵی کۆڕەک تیلیکۆمەوە بکەن.


ڕیکلام