یەکێتی مامۆستایان: دەستێوەردانی سیاسی لە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی هەیە

  2023-12-07  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان دەڵێت دەستێوەردانی سیاسی لە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی هەیە و بانگەشەی ئەوە دەکات دەشێت "خەڵکی تر" پارەی پاس و هۆتێل و هاتوچۆی نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بۆ بەغدا لە ئەستۆگرتبێت.

ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دابینکردنی پارەی پاس و هۆتێل و هاتوچۆکردن و چوونی هەندێک مامۆستا بۆ بەغدا بە فڕۆکە، ئەمە لە توانای مامۆستا نییە و توانای دارایی خەڵکی ترە دەخرێتە بەردەست...لە سەرەتاوە هەستمان دەکرد لە پرسی داخستنی قوتابخانەکان لەلایەن بەڕێوەبەرەکانەوە، بابەتێک هەیە لەوە گەورەترە کە داخوازی مامۆستا بێت. ئەمانە بەڵگەن کە خۆپیشاندانەکان بە لاڕێدا دەبرێن."
وەک ئاماژەیەک بە هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ڕایدەگەیەنێت، "لەم ماوەیە نامەیەکی دەنگی هاوسەرۆکی حزبێک لە شاری سلێمانی بڵاو کرایەوە کە چۆن هانی خەڵک دەدات بۆ بەشدار بوون لە خۆپیشاندانەکان. نەک من هەموان دەزانن ئەوە هاوسەرۆکی حزبێکی دیاری کراوە."

ئەحمەد گەرمیانی بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ئەمە و چەندین شتی تر بەڵگەیە کە دەستێوەردانی سیاسی لە خۆپیشاندانەکاندا هەیە. مامۆستا حەقی خۆیەتی، بەڵام خەڵکانێک هەن سوار شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان بوون و بۆ مەرامی سیاسی بەکاریان دەهێنن."

بەڵام تارا حسێن هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرچەندە ئەو دەنگەی بڵاو کراوەتەوە دەنگی شەخسی من نییە، بەڵام ئێمە هەردوو هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کاتێک بەشدار دەبین لە خۆپیشاندانەکان، کەواتە ئێمە بە ئاشکرا و بە شانازیەوە بەشدار دەبین."

دەشڵێت، "مامۆستایانیش پێشوازی لە بەشداریەکەمان دەکەن چونکە دەزانن ئێمە هیچ بەرژەوەندیەکی شەخسی و بنەماڵەییمان نییە لەو بەشداریانەدا و بەکاریشی ناهێنین...ئەگەر دەیانەوێت هیچ لایەن و هیچ کەسێک دەستێوەردان لە خۆپیشاندانەکاندا نەکات دەبێت وەڵامی داخوازیەکانی مامۆستایان بدەنەوە و هەرچی زووە مافەکانیان بدەن."

 


ڕیکلام