چارەنووسی سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نادیارە

  2023-12-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەفتەی داھاتوو بڕی (٧٠٠) ملیاردیناری موچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، سێ موچەی مانگەکانی (١٠,١١,١٢)ی ئەمساڵی موچەخۆرانی هەرێم دەکەوێتە گێژاوەوەو بە ساڵی ئاییندە دەستپێردرێت.

بڕیارە لە ١٥ی ئەم مانگەوە وەزارەتی دارایی عێراق خەرجیەکانی ساڵی دارایی ٢٠٢٣ دابخات، جگە لەو خەرجیانەی بڕیاری پێشتری هەیە، هەربۆیە بڕی (٧٠٠) ملیار دیناری موچەخۆرانی هەرێم پێشتر بڕیاری لێدراوەو چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داھاتوو رەوانەی هەرێم بکرێت و موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران دابەشبکرێت.

بەڵام سێ موچەی ئەمساڵاَ (١٠, ١١, ١٢)ی موچەخۆرانی هەرێم دەکەوێتە ناو گێژاوەوەو بە ساڵی داهاتوو دەسپێردرێت،، لەبەر ئەوەی تا ئێستا حکومەتی عێراق بڕیاری لەسەر نەداوەو لەمساڵدا خەرجناکرێت، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت ساڵی داهاتووش خەرجبکرێت.

د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بڕی (٧٠٠) ملیار دینارەکە بەم زووانە دەنێردرێت و موچە دابەش دەکرێت بۆ سێ موچەکەی تریش (١٠,١١,١٢)ی ئەمساڵ، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە.

بە پێی زانیارییەکان، گفتوگۆکانی وەفدی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بۆ پرسی موچەو بودجە بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە، لە سەردانی رۆژی ٢٧/١١/٢٠٢٣ وەفدی هەرێمی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی و تیمی دارایی سودانی کۆبوونەتەوە، لەبەغداد بە وەفدی هەرێمیان راگەیاندووە، لە ئێستادا هەرێمیک وردستان (٥) ترلیۆن دینار فەرزاری بەغدایە، لە باشترین حاڵەتدا لە هەمواری یاسای بودجەدا بۆ ساڵی ٢٠٢٤ دەتوانرێت (٦) ترلیۆن دینار بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دیاری بکرێت کە مانگانە دەکاتە (٥٠٠) ملیار دینار، ئەویش بە مەرج، بە مەرجی ئەوەی نەوت رەوانە بکرێت و داهاتی ناوخۆش رادەستی بەغداد بکرێت.

 بۆیە تا ئێستا هیچ پرسێکی بودجەو موچە لە نێوان هەولێر و بەغداد چارەسەر نەکراوەو بۆ هەمواری یاسای بودجەو دیاریکردنی چارەنووسی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش بۆ ساڵی نوێ دەبێت لە پەرلەمانی عێراقەوە هەموار بکرێتەوە کە تا ٩ی مانگی داهاتوو پەرلەمان لە پشودایە.