سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان رایده‌گه‌یه‌نێت، 200 كۆمپانیای به‌ریتانی له‌كۆی 3500 كۆمپانیای جیهانی له‌هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن. "سه‌قامگیری دۆخی سیاسی هه‌رێمی كوردستان هۆكارێكه بۆ راكێشانی وه‌به‌رهێنه‌ران".
محه‌ممه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له میانه‌ی پێشكه‌شكردنی وتارێك له کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجوومەنی بازرگانی عێراق - بەریتانیا لە شاری دووبەی ئیمارات، رایگه‌یاند، سه‌قامگیری دۆخی سیاسی و ئه‌منی و هه‌روه‌ها فره‌یی كولتوور و دیموكراسیی، ئاڵته‌رناتیڤی كاریگه‌رن بۆ راكێشانی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ هه‌رێمی كوردستان
وتیشی، "له ئێستا نزیكه‌ی 200 كۆمپانیای به‌ریتانی به یاوه‌ری 3500 كۆمپانیای دیكه‌ی جیهانی له‌هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن، كه له بواره‌كانی خوێندن، خۆراك، گواستنه‌وه، چاودێری ته‌ندروستی، كه‌رتی پیشه‌سازی، كه‌رتی نه‌وت و غاز كارده‌كه‌ن".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كاركردنی ئه‌و ژماره به‌رچاوه‌ی كۆمپانیاكانی به‌ریتانی له هه‌رێمی كوردستان، بۆ به‌هێزی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته ده‌گه‌ڕێته‌وه.
باسی له‌وه‌شكرد، هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ئاراسته‌ی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كانی ژێرخانی ئابووری بنه‌ڕه‌تییه، له‌نێویاندا وزه، به‌تایبه‌ت وزه‌ی به‌رده‌وام و نوێبوو، به‌نداوه‌كان، هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی گشتی، رێگاوبانی خێرا و ته‌كنه‌لۆژیا.