لە کەلار لە رێگەى تیمى گەڕۆکەوە چارەسەرى تووشبووانى کۆرۆنا دەکرێت

  2020-07-16  | 
 هێمن میروەیس
بۆ ڕۆژى سێهەم تیمى گەڕۆکى روبەروبوونەوەى کۆرۆنا لە سنورى قەزاى کەلار لە کارەکانى بەردەوامە و رۆژانە لەهەوڵى چارەسەرکردنى تووشبوواندان.

چیا محەمەد راگرى پەیمانگاى تەکنیکى کەلار بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، لە هەنگاوى دووەمدا پەیمانگاکە هەستاوە بە پرۆژەى دانانى مۆبایل تیم کە لە رێگەیەوە ژمارەیەک تیمى گەڕۆکیان لە ناو شارەکەدا بڵاوەپێکردووە بۆ پێدانى رێنمایى پشکنین و چارەسەرکردنى تووشبووانى کۆرۆنا.

وتیشى، بیرۆکەى کارەکە لەدواى ئەوەوە هات کە ژمارەى تووشبووانى کۆرۆنا رووى لە هەڵکشانێکى زۆرکرد، نەخۆشخانەکان تواناى چارەسەرکردنى ئەو ژمارە زۆرەیان نەما، بیریان لە پێکهێنانى تیمى گەڕۆک کردەوە.

ئاماژەى بەوەشکرد، رۆژانە بە لیستێک ناوەکان لە نەخۆشخانەى قەڵا یان تاقیگەى تایبەت بەکۆرۆنا بە ژمارە تەلەفونەوە وەردەگرن و ئەو کەسانەى کە تووشبوون رۆژانە پەیوەندیان پێوەدەکەن و ئەوانەى پێویستیان بە چارەسەرى مەیدانى بێت تیمەکان بە دسێکەس دەچنە ماڵەوە و سەردانیان دەکەن و دەرمانیان پێدەدەن.

لە بارەى ئەو کەسانەى کە سەردانیان دەکەن روونیکردەوە، ئەوانەى لە نەخۆشخانەى قەڵا پشکنین دەکەن و پشکنینەکەیان پۆزەتیڤ دەردەچێت وەک تیمەکە سەردانى دەکەن یان لە رێگەى تەلەفونەوە رێنماییان پێدەدەن.

 



ڕیکلام