قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماری کارو چالاکییەکانی ساڵانەی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، بەهۆی سەرپێچیەوە لەمساڵدا زیاتر لە ١٠٠ هاووڵاتی بەندکراون وهەزار و ٩٨ شوێن لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری داخراون.
ژیان:
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٨-١٢-٢٠٢٣، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سەرجەم داتا و زانیارییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ـی لیژنەکانی قائیمقامیەت لەبارەی ئەو ڕێکارانەی بەرامبەر بە خاوەن کار، کەسانی یاساشکێن و سەرپێچی کار گیراوەتەبەر؛ خستەڕوو.
وتیشی، "بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٣، ھەزار و ٩٨ شوێن لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری داخراون کە بریتیبوون لە هۆتێل، خواردنگە، دەرمانخانە، کۆگای دەرمان، دووکان، کافتریا و ئەو شوێنانەی دیکە کە هاووڵاتییان رۆژانە رووی تێدەکەن.
باسی لەوەشکرد: بڕی ٢٩٤ ملیۆن دینار تەنها لە قائیمقمایەت پێبژاردنی بۆ کراوە، بەڵام بەسەدان ملیۆن دیناری تریش پێبژاردن لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تر کراون.
قائیمقامی هەولێر راشیگەیاند، کە لەمساڵدا بڕی ٢١٤ تۆن خۆراک و کەرەستەی ماوە بەسەرچو بەپێی رێنماییەکانی ژینگە دەستیبەسەردا گیراوەو لەناوبروان کە هەندێکیان لە بازگەکان دەستیان بەسەردا گیراوە.