رۆژهەڵاتی کوردستان.. لەشەڕێکدا چوار ئەندامی سوپای پاسداران کوژران و برینداربوون

  2020-07-16  | 
سنە
ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان شەڕ و پێکدادن لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و هێزێکی سەربە حزبەکانی رۆژهەڵات روویدا و لەئەنجامی شەڕەکەش چوار ئەندامی سوپای پاسداران کوژران و برینداربوون، سوپای پاسدارانیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، شەوی رابردوو لە ناوچە شاخاوییەکانی گوندی بڵبەر سەر بە ناوچەی سەوڵاوا شەڕ و پێکدان لەنێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و ئەندامانی یەکێک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویداوە.

ئاشکراشیکردووە، لە ئەنجامی ئەو شەڕە دوو ئەندامی سوپای پاسداران بە ناوەکانی جەمال کەریمی فەرماندەی پایگای بڵبەر و محەمەد کەرەمی ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لە شەڕەکەدا دوو ئەندامی دیکەی سوپای پاسداران برینداربوون کە ناسنامەی یەکێکیان محەمەد عەلی مورادی ڕاگەیەندراوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو راشیگەیاندووە، بەپێ زانیارییەکان لایەنی دیکەی شەڕەکە بە بێ زیانی گیانی ناوچەکەی جێهێشتووە.

لای خۆشیەوە سادق حسێنی فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە لە لێداونێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، تۆڵەی سەخت لە ئەنجامدەران و ئەو کەسانە دەکەنەوە کە دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووە.

تا ئێستا هیچیەک لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لەئەستۆ نەگرتووە و هیچ زانیارییەکان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.



ڕیکلام