كۆریای باشور بڕیاریدا كرێكارەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە

  2020-07-17  | 
ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا بۆ ژمارەیەک کرێکاری کۆری لە عێراق
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی تەشەنەكردنی زیاتری كۆرۆناوە دەسەڵاتدارانی كۆریای باشور بڕیاریاندا سەرجەم ئەو ئەندازیار و كرێكارانەی وڵاتەكەی كە لە بوارەكانی ئاوەدانكردنەوەدا كار دەكەن لە عێراق لەم هەفتەیەوە بكشێنێتەوە .

كۆن دۆگ بەڕێوەبەری فەرمانگەی هاتوچۆكان لە دەرەوە لە سەنتەری چارەسەری كۆرۆنا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی لە رۆژانی 22 بۆ 25 مانگ بە فڕۆكە سەرجەم كرێكارەكانیان بگەڕێننەوە .

ئاماژەی بەوەشكردووە، نزیكەی 200 كرێكاری كۆری لە عێراق كاردەكەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ نیشیتیمان، بەڵام دوای گەیشتنیان بۆ ماوەی دوو هەفتە سەرجەمیان كەرەنتینە دەكرێن .

ئەوەش لە كاتێكدایە، بەیانی ئەمڕۆ جۆنگ سیە گیون سەرۆك وەزیرانی كۆریای باشور ڕایگەیاندبوو، حكومەتی وڵاتەكەی بڕیاری داوە بە فڕۆكەیەكی كرێ ئەم هەفتەیە سەرجەم كرێكارەكانی وڵاتەكەی لە عێراق بكێشێتەوە .

ئەو كرێكارە كۆریانە لە پارێزگاكانی كەربەلا و باشوری بەغدا لە كۆمپانیاكانی ڕێگاوبان و خانوورە و لەگەڵ هەریەكە لە كۆمپانیاكانی "هیوندای بۆ خانووبەرە" و "هوندای ئەندازیاری" و "جەی ئێس بۆ خانووبەرە"  و كۆمپانیاكانی نەوت و چەند بوارێكی تر لە عێراق كاردەكەن .

پێشتریش 100 كرێكار و ئەندازیاری دیكەی كۆریا لە عێراق گەڕانەوە وڵاتەكانیان و دوای پشكنین دەركەوت 34 كەسیان تووشی فایرۆسی كۆرۆنا بوون .



ڕیکلام