هێزی پێشمەرگە لە سنوری کفری چووەتە پێشەوە و سەنگەری نوێ لێدەدات

  2020-07-17  | 
پۆلێک پێشمەرگەی کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هێزی پێشمەرگە لە سنوری نێوان کفری و جەبارە چووەتە پێشەوە و دەستیکردووە بە دروستکردنی سەنگەری نوێ

بەپێی ئەو گرتە ڤیدۆیەی بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان نێردراوە، هێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری کفری بە ئاڕاستەی گوندی قۆریچایی و سلێمان بەگ چەند کلیلۆمەترێک چوونەتە پێشەوە.

بەپێی وتەی ئەو پێشمەرگەیە، لە ئێستادا ئەوان دەستیانکردووە بە دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر سەنگەری نوێ لە خوار بازگەی کارێز لە خوار کفری.
 
ئەمەش دوای ئەوە دێت هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنورەکەدا ڕێککەوتن لەسەر پاراستنی ئاسایشی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان هەردوولایەدا.

بەپێی لێکتێگەیشتنەکەی نێوانیان هێزەکانی عێراق لە دیوێکی ڕێگای سەرەکی نێوان کفری و دووزخورماتوو جێگر دەبن و هێزەکانی پێشمەرگەش لە دیوێکی دیکەی ڕێگا جێگیردەبن و ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەپارێزن.

لەماوەی رابردوودا بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە ئەو ناوچانە ببونەوە شوێنی جوموجۆڵی چەکدارانی داعش و ماوە ماوە هێرشیان دەکردە سەر هێزەکانی ئاسایش و سوپای عێراق لەو ناوچانە و بەهۆیەوە تا ئێستا چەندین کارمەندی ئاسایشی کوردستان شەهید و برینداربوون.

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بەفەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سوپای عێراق دەستیکردووە بە کێوماڵکردنی ناوچەکانی دیالە بۆ پاکردنەوەی لە پاشماوەی چەکدارانی داعش.


هەروەها دژەتیرۆری عێراق بەهاوبەشی لەگەڵ دژەتیرۆری کوردستان چەند ئۆپراسیۆنێکیان لە گوندەکانی ناوچەکەدا بە سەرکەوتووی ئەنجامدا.


ڕیکلام