جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە کوردستان زیادیکردوە و هەوڵیش دەدەین لەمساڵدا کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بکەین.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی و رایگەیاند، ساڵی رابردوو ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە کوردستان زیادیکردوە بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی و لەم ڕووەوە لەسەر ئاستی عێراق یەکەم بووە.
قوباد تاڵەبانی لەمیانی پێشوازیکردن لە وەفدەکەی فەرەنسا کە تیایدا یان برێم کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ئامادەی بوو، سوپاسی هاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی فەڕەنسی کرد و رایگەیاند هەرێمی کوردستان دەرگای کراوەیە بەڕووی وەبەرهێنەرانی فەڕەنسیدا.
وتیشی ستراتیژی حکومەتی هەرێم بەهێزترکردنی کەرتی تایبەتەو لەم چوارچێوەیەشدا پرۆسەی پشتگیریکردنی وەبەرهێنەرانی ناوخۆی دەستپێکردوە.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابوری لە کوردستان و عێراق رایگەیاند یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکان نەبوونی داتای زانستییە، هەروەها هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامە و گەشبینن لەمساڵدا بە یەکجاری ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.