تۆڕی هەواڵی ژیان ڕاستی هەڵکردنی ئاڵای عێراق لە بازگەی کوڵەجۆ دەخاتەڕوو

  2020-07-17  | 
هێزەکانی ئاسایش لەبازگەی کوڵەجۆ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تیمی تۆڕی هەواڵی ژیان بۆ زانینی ڕاستی هەڵکردنی ئاڵای عێراق لە شوێنی ئاڵای کوردستان چووەتە بازگەی کوڵەجۆ لە خوارووی کفری.

تیمەکەی تۆڕی هەواڵی ژیان لە ڤیدیۆیەکی ڕاستەوخۆدا ئەو دەنگۆیەیان بەدرۆخستەوە کە باس لە هەڵکردنی ئاڵای عێراق دەکرێت لە بازگەی کوڵەجۆ.

یەکێک لە ئاسایشەکانی بازگەکە بە ژیانی وت ، لە چەند ڕۆژی رابردوودا هێزێکی عێراقی هاتنە بازگەکە و ئاڵای عێراقیان هەڵکرتووە و ویستوویانە بمێننەوە.

وتیشی، لەسەرەتادا وایانزانیوە هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقە بۆیە ڕێگەیان پێداون بەڵام دواتر  کە زانیویان هێزی هاوبەش نییە ئاڵاکەیان پێداگرتوون و ناچاریانکدوون بڕۆن.

وتیشی، بازگەی کوڵەجۆ بەتەواوی بەدەست هێزەکانی ئاسایشی کوردستانەوەیە و بازگەی قەڵا کە لە خوارووی بازگەکەی ئەوانەوەیە بە هاوبەشی لەلایەن سوپای عێراق و ئاسایشەوە بەڕێوەدەبرێت.

حاکم سەردار بەڕێوەبەری ناحیەی کۆکز لەناو بازگەکە بە ژیانی ڕاگەیاند، لە سنوری کۆکز هیچ هێزێکی سوپای عێراق لەناوچەکەدا نییە و نەهاتووەتە پێشەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی رابردوودا لەنێوان گوندی سەید مدیری و سێڕیانی ناحیەی جەبارە بۆشایی ئەمنی هەبووە بەهۆیەوە  بەڕێوەبەری ئاسایش و چەند کارمەندێکی ئاسایشیان شەهیدبووە.
 
بەڕێوەبەری ناحییەی کۆکز وتیشی، ئەوان بەردەوام داوایانکردووە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە جموجۆڵ و چالاکییەکانی داعش بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستا هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە گوندی سەید مدیری جێگیربوون.

هەروەها میحوەری قەرەتەپە- حەمرینی هێزی پێشمەرگە ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی دەنگۆی هەڵکردنی ئاڵای عێراق لە بازگەی کارێز لە نزیک کفری بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  بۆ ھەموو لایەکی ڕوون دەکەنەوە کە ئەو ھەواڵە ھیچ بنەمایەکی ڕاستی تیادا نییە و گرتە ڤیدیۆیەکەش بازگەی کارێز نییە. بەڵکو، ئەو بازگەیە وەک پێشتر لەلایەن پۆلیسی کفرییەوە بەڕێوەدەبرێت.


ڕیکلام