بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە: هەر گەشتێکی حەج بۆ ئەمساڵ پێویستی بە 6.350.000 دینارە

  2024-02-10  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: دەستیان کردوە بە وەرگرتنی پارەی حاجیان و بۆ هەر گەشتێکی حەجی ئەمساڵیش پێویستی بە 6.350.000 دینارە.

ئەمرۆ شەممە  شێخ نیاز راغب نەقشبەندی بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لە دیوانی بەرێوەبەرایەتی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی فراوانی لێپرسراوی نووسینگەی حەج و عومرەی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كرد.
 
لە كۆبوونەوەكەدا بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە رایگەیاند: هەموو هەوڵێكیان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری و ئاسانكاری پێشكەش بە حاجیان و عومرەكارانی هەرێمی كوردستان بكرێت لەم بوارەیشدا هەماهەنگییەكی باش لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی دا هەبووە كە دواجار بە هەوڵی هەموو لایەك توانرا پارەی حاجیانی ئەمساڵ 2024 بە دینار عیراقی وەربگرێت لەسەر بنەمای نرخی دولار بۆ هەر 100 دولار 132000 دیناری عێراقی.
 
بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرە نووسینگەكانی حەج و عومرەی راسپارد كە لە سبەی رێكەوتی 11/2/2024 دەست بە وەرگرتنی پارەی حاجیان بكەن كە ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت و لە 18/2/2024 كۆتایی دێت و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەر كەسێك لەو ماوەیەدا پارەی حەج نەدات مافی حەجكردنی نامێنتێت.
 
بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومرەی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو كەسانە دەكاتەوە كە بۆ ئەمساڵ ناویان بۆ سەفەری حەج و دەرچووە  لە رێگەی نووسینگەكانی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان له لە پارێزگاكانی ( هەولێر – سلێمانی – دهۆك – هەڵەبەجە) هەروەها ئیدارە سەربەخۆیەكانی ( سۆران – راپەرین – زاخۆ – گەرمیان) دەست بە وەرگرتنی پارە وەرگرتنی پارەی حاجیان دەكرێت لە كاتی دەوامی فەرمیدا و ئاگاداری هەموو ئەو كەسانە دەكاتەوە كە ناویان بۆ حەج ودەرچوو كە  پاسپۆرتیان نییە یاخود ماوەی بەسەرچووە بە زووترین كات لە ماوەی یەك هەفتەدا دەست بە دەرهێنانی پاسپۆرت بكەن بە پێچەوانەوە مافی حەجكردنی نامێنێت.
 
ئەوەشی خستەڕوو كە تێچووی حەجی حاجیانی هەرێمی كوردستان هەمان تێچووی حاجیانی عیراقە كە بۆ گەشتی ئاسمانی بە فرۆكە بریتییە لە ( 6.350.000 ) شەش ملیۆن و سێ سەد و پەنجا هەزار دیناری عیراقی و بۆ گەشتی وشكانی بە پاس ( 5.300.000) پێنج ملیۆن و سێ سەد هەزار دیناری عیراقییە و هەر كەسێك مامەڵەكانی تەواو بكات و پارەكە بدات دواتر بە هەر بیانوویەك بێت ئەو بڕە پارەیەی بۆ ناگەرێتەوە.


ڕیکلام