وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی ڕایدەگەیەنێت: دادگای فیدراڵی ئەگەر بیەوێ دەتوانێ تا سبەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکاتەوە، بەڵام بەمەبەست دوایدەخات.
شوان محەمەد، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: پێویستە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی حکومەت بەیاننامە دەربکەن، بە دادگای فیدراڵی و ئەنجوومەنی دادوەری عێراق و بە فایەق زێدان بڵێن، ئەم دواخستنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کێشە دروست دەکات، ئەمە ئەجێندای لەپشتەوەیە و بەرپرسیارێتییەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە و نیەتەکەتان باش نییە، پێمان بڵێن بۆ دوای دەخەن؟
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر دادگای فیدراڵی بیەوێ ئێستا تا سبەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی دەکاتەوە، بەڵام بەڕاستی دواخستنی زۆر بێمانایە، لەگەڵ درۆنگرتنە فڕۆکەخانەی هەولێر، بڕینی مووچە و بودجەی کوردستان، پەشیمان بوونەوە لە رێککەوتنەکان و هەمووی یەک پاکێجە بۆ فشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان تا رادەستیان ببێت، بەڵام ئەمانە پەندیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و دیارە کورد ناناسن، کورد رادەستی سەدام نەبوو، ئێستا دەیانەوێ بە دادگای فیدراڵی ئەم یارییانەمان لەگەڵ بکەن؟
ئەوەشی خستەڕوو، دادگای فیدراڵی دەزانێ مانگی حەوتی ئەمساڵ ماوەی کۆمیسیۆنی عێراق بەسەر دەچێت، بۆیە بەمەبەست پرسی هەڵبژاردن دوادەخات، تا نیشانەی پرسیار لەسەر دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان دروست ببێت، هەر شتێک ببێتە هۆکار بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان ئەمانە پەنای بۆ دەبەن، ئەو بیرە شۆڤێنییە و دژایەتییکردنە، نەک بیری پێکەوەژیان و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمێکی سەربەخۆ.