ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

  2024-02-18  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵای تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، وتەبێژی یەکێتیش دەڵێت: چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵیش دەکەن لەو بارەیەوە.

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ دادگاکە کۆبێتەوە سەبارەت بەو سکاڵایەی لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە تۆمارکراوە بۆ ئەوەی ٥ ماددەی تایبەت بە کورسی کۆتاکان و بازنەکانی هەڵبژاردن لە هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان بە نادەستوری دابنرێن.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکەن لەسەر ئەو سکاڵایەی تۆمارکراوە، دادگا هەرچی بڕیارێک بدات رێزی لێدەگرن.

وتیشی پێشنیارێک کراوە، لە ١٩ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، یەکێتیش لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی تاوتوێی سکاڵایەکی دیکە بکات کە لە بارەی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتییەوە لەسەر هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێم و عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داواکراوە مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن.


ڕیکلام