سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان دۆخێكی جیاوازی هەیە و بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی تر لە عێراقدا ڕەتکراوەیە.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری, لەمیانی پێشوازیکردنی لە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند: واقعی هەرێمی کوردستان پێش جێبەجێکردنی دەستووری عێراق لە ساڵی (2005) بوونی هەبووە، ئەوەش بەرەنجامی لێكەوتە نەرێنیەكانی سیاسەتە شکستخواردوەکانی رژێمی پێشوو بووە.
هەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەتی هەیە، لە لایەن هەمو رۆڵەکانی عێراقەوە دانپێدانراوە، ھەروەھا دەستوور زامنی ئەحكامە تایبەتەكانی بە ڕێکخستنی ھەرێمەکان لە خۆگرتووە.
بەڵام هەلومەرجی داڕشتنی دەستور لەئێستادا گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەموو ئەوانەی بڕوایان بەو بڕگانەی دەستوور هەبووە ئێستا بڕوایان وایە گۆڕانکاری بەسەر ئەو بڕگانەدا بکرێت، کە پەیوەندی بە پارێزگاکانی ترەوە هەیە.
بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی تر لە عێراقدا رەتکراوەیە، چونکە مەترسی بۆ سەر یەکپارچەیی و ئاسایشی عێراق دروست دەکات.