قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی ئەرمینیا کۆبووەوە

  2024-02-29  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا کۆبووەوە و باسی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەکان و چەند پرسێکی دیکەش تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکە تیایدا هەریەکە لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون.

هەردوولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا کرد و جەختیان کردەوە لەسەر پتەوکردن و زیاتر بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، بازرگانی و وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، تەندروستی و خوێندنی باڵادا. لەمبارەیەوە گفتوگۆ لەسەر میکانیزم و ڕێوشوێنەکانی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا و سودوەرگرتن لە ئەزمونی ئەرمینیا کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە ناسەقامگیری ناوچەکە لە بەرژەوەندی هیچ گەلێکدا نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بۆ رێگریکردن لە قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکان، سیاسەتی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەی ئاشتییانە بگرنەبەر.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. جێگری سەرۆک وەزیران ڕوونیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی عێراقدا بێت.


ڕیکلام