ئۆپەراسیۆنی هەولێر: تاوەکو ٢١ی مانگ رێکارەکان به‌شێوەی پێشوو بەردەوام ده‌بێت

  2020-07-18  | 
هەولێر
ژووری ئۆپەراسیۆنی هەولێر رایگەیاند تاوەکو ٢١ی مانگ رێکارەکان به‌شێوەی پێشوو بەردەوام ده‌بێت
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژووری ئۆپەراسیونی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تاوەکو ٢١ی مانگ رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بەهەمان شێوەی هەفتەی رابردوو بەردەوام ده‌بێت.

ژووری ئۆپەراسیونی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١٨ی٧ی٢٠٢٠، بە سەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریانداوە تاوەکو رۆژی سێشەممە ٢١ی٧ی٢٠٢٠، رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بەهەمان شێوەی هەفتەی رابردوو بەردەوام بێت.

دەقی راگەیەندراوەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر:

ڕاگەیندراوێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

دوای نیوه‌ڕی ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ 2020.7.18، به‌سه‌رپه‌رشتی د.فرسه‌ت سۆفی پارێزگاری هه‌ولێر، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر كۆبۆوه‌ و كۆبوونه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌رنجامانه‌ی خواره‌وه‌ :-

١-له‌ كاتژمێر (12)ی ئه‌مشه‌و ١٨ له‌سه‌ر ١٩ی ٧ی٢٠٢٠، تاوه‌كو ڕۆژی سێشەمە ٢١ی٧ی٢٠٢٠، ڕێكاره‌كان و بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر به‌هەمان شێوه‌ی هەفتەی ڕابردوو بەردەوام ده‌بێت .

٢-ڕۆژی سێشەممە ٢١ی٧ی٢٠٢٠، لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بەئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتیاری یەکە ئیدارییە سەربەخۆکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبێتەوە و تێیدا ڕێکاری تایبەت و بڕیاری سەرتاسەری بۆ تەواوی پارێزگاکان و یەکە سەربەخۆکان دەدرێت .

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

2020.7.18




ڕیکلام