بڕیارە سبەینێ، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و میدیایی فەرمی حزبەکەش دەڵێت، "مەبەست لە سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ پرسی مووچە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە".
ئێوارەی ئەمڕۆ میدیای فەرمیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان زانیاری لەسەر سەردانەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سبەینێ شەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٤، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سەردانی بەغدا دەکات و لەوێ چەندین کۆبوونەوەو دیداری سیاسی دەبێت کە تایبەتە بە "مافەکانی گەلی کورد و مووچەخۆران و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا".
ئاماژەی بەوەشداوە، سەردانی بافڵ تاڵەبانی بۆ بەغدا لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی یەکێتییدایە بۆ زامنکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و پاراستنی مافەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
میدیایی فەرمی یەکێتی باسی لەوەشکردوە، مەبەستێکی دیکەی سەردانەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی "سوپاسکردنی سەرۆک وەزیران و لایەنە سیاسییەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق کە بەدەنگ داواکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هاتن و هەماهەنگ بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم مووچەخۆرانی هەرێم".