بافڵ جەلال تاڵەبانی: ژینگەیەکی ئازادمان فەراهەمکردووە و داوامان لە رۆژنامەنووسان کردووە بوێربن

  2024-04-22  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، " ژینگەیەکی ئازادمان فەراهەمکردووە و داوامان لە رۆژنامەنووسان کردووە بوێربن و ئازادانە رەخنەمان لێبگرن".

دەقی پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی:

ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی لەسەرجەم رۆژنامەنووس و میدیاکارانی کوردستان پیرۆزبێت، سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی هەموو ئەو قەڵەمە ماندوونەناسانە دەکەین کە لە رابردوودا هەوڵی بەرەوپێشچوونی رەوتی رۆژنامەگەری و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیان داوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی تەواوی بە ئازادیی کاری رۆژنامەوانی و مافی بەدەستهێنانی زانیارییە، بەهەمووشێوەیەکیش دژی بەرتەسککردنەوەی سنوورەکانی ئازادی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەنووسان دەوەستێتەوە و بە هەڕەشەیەکی جدیی دەزانێت لەسەر دیموکراسی و وێنای هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، کەبەداخەوە لەماوەی رابردوودا هەرێمەکەمان بەهۆی چەند حاڵەتێکی لەوشێوەیەوە رووبەڕووی رەخنەی توند  بووەوە.

لە رابردوودا بەهەمووشێوەیەک پاڵپشت و پشتیوانیی رۆژنامەنووسان بووین، ژینگەیەکی ئازادمان فەراهەمکردووە و داوامان لە رۆژنامەنووسان کردووە بوێربن و ئازادانە رەخنەمان لێبگرن، بە رەخنەکان گەورە دەبین و بەخۆماندا دەچینەوە. لەداهاتووشدا بەھەمان رۆحییەتەوە بەردەوامدەبین و پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


ڕیکلام