وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێر

  2020-07-19  | 
هەولێر
کاتی گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر
فۆتۆ: ئەیوب ساڵح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێر و لەلایەن جێگری سەرۆکی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی وڵاتەکەی، لە بەغداوە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دەرەوەی ئێران لەلایەن جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکراوە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان راشیگەیاند، بڕیارە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبێتەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی٧ی٢٠٢٠، محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى عێراق کۆبوەوە، دواتر ناوەرۆکى کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو، جەختیان لە بەردەوامى پەیوەندیەکانى نێوان ئێران و عێراق کردەوە.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆیان لەبارەى چەند پرسێکى گرنگ و هاوبەش کرد و باسیان  لەبەردەوامى ئاڵوگۆڕى بازرگانى کردووە.

وتیشى، محەمەد جەواد زەریف هەر ئەمڕۆ سەردانى هەرێم دەکات و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى هەرێم کۆدەبێتەوە.




ڕیکلام