بافڵ جەلال تاڵەبانی: هەمووان هەڵوێستی ئێمە لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گەشەکردنی دیموکراسی لە هەرێم دەزانن

  2024-05-11  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوو دیداری جیاوازدا لە واشنتۆن لەگەڵ هەریەک لە ئامۆس هۆچستاین، رێکخەری تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ستیڤ بیتنەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دوایین گۆڕانکارییەکانی ھەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی گشتیی ھەرێمی کوردستان و کەرتی وزە روونکردنەوەیدا و ئاماژەی بەوەکرد، ھەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی بەھێزی گازە و دەبێت مامەڵەیەکی بەرپرسیارانەی لەگەڵ بکرێت. پێویستە بە ستراتیژێکی نوێ و نیشتمانییەوە گەشە بەو کەرتە بدرێت و ببێتە مایەی بەھێزترکردنی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، داھاتەکەی لەخزمەت خەڵک و ئاوەدانیی ھەرێمەکەماندا بێت. ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە ئێمە ھەوڵی بەدیھێنانی دەدەین و دەمانەوێت بەرەو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ھەنگاوبنێین.

ھەر لە واشنتۆن، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەلایەن نووسینگەی کاروباری رۆژھەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوە مێزگردێکی بۆ سازکرا و ھەریەک لە نووسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کاروباری سەربازی و سیاسی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ و کار، ئۆپەراسیۆنەکانی ململانێ و سەقامگیری، ھەواڵگری و لێکۆڵینەوە تێیدا ئامادەبوون.

لەسەرەتای مێزگردەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی باسێکی ورد و چڕی لەبارەی رووداو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان پێشکەشکرد و سیاسەتی نیشتمانیی یەکێتی وەک ھێزێکی کاریگەر و بەرپرسیار بەرامبەر ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی روونکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ھەوڵی ئێمە لەسەرەتاوە لەپێناو قووڵکردنەوەی پێکەوەژیان و کۆتاییھێنان بە ناکۆکییەکان بووە، ھەمیشە لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان بووین و ھەوڵمانداوە بەشێک بین لە چارەسەر و باوەڕی تەواومان بە ھاوبەشیی راستەقینە ھەیە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا. لەگەڵ ھاوبەشەکانیشمان لە بەغداد لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان رێککەوتووین و کۆکین لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافی ھەموو گەلانی عیراق.

لەدرێژەی مێزگردەکەدا گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچوو و تێیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی ھەڵبژاردن و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە ئامادەبووانی بەرچاوڕوونکرد و وتی، ھەمووان ھەڵوێستی ئێمە لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن و گەشەکردنی دیموکراسی لەھەرێمی کوردستان دەزانن، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانیتریش ھاوھەڵوێستن و دەیانەوێت گۆڕانکاری لەپڕۆسەی حوکمڕانی بێتەئاراوە. ھەموو ھەوڵێکیش بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و نامانەوێت خواست و ئیرادەی خەڵک بۆ گۆڕانکاری بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تایبەت.

سەبارەت بە پرسی پێشمەرگەش، بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، ھەوڵەکان بۆ رێکخستنەوە و بەنیشتمانیکردنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و بەئومێدەوە لێی دەڕوانین. پشتیوانی و ھاوکارییەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا جێگەی پێزانینی ئێمەیە و پرۆسەکەی خێراتر کردووە. جەخت لە بەردەوامیی ھەماھەنگییە سەربازی و ھەواڵگرییەکانیش دەکەینەوە لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵک و سەقامگیریی ناوچەکە، چونکە مەترسییەکانی تیرۆر بەردەوامە و دەبێت ھەمووان پێکەوە رووبەڕووی بوەستینەوە.


ڕیکلام