وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم: زیاتر لە هەزار بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرمان دەستگیرکردووە

  2024-06-21  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە هەزار بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سنوری هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، هەندێک لە بازرگانەکان لەکاتی دەستگیرکردنیاندا ڕووبەڕووی دەزگا ئەمنییەکان بوونەتەوە.

عەقید سەلام عەبدولخاڵق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لەماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 572 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون، بەڵام کۆی دەستگیرکراوەکان لە هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا دەگاتە سەرووی هەزار کەس."

وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت،"هەماهەنگیمان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق هەیەو ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر لە نێوانماندا هەیە."

دەشڵێت، "لە ماوەی ڕابردووداو بەهەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق، 4 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران یەکێکیان لە هەرێم و ئەوانیتر لە بەسرە. هەندێک جۆری ماددەی هۆشبەر لە عێراقەوە دەهێنرێت و هەندێکیشی لێرەوە دەبرێت، بەڵام لەمساڵدا دەستبەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەر زیادیکردووەو بەکارهێنان کەمیکردووە."

عەقید سەلام عەبدولخالق دەڵێت، "چەندینجار لەکاتی دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر ڕووبەڕوو بوونەوە ڕوویداوە، هەندێکجار لە هێزەکانی ئێمەش بریندار هەبووە، چونکە دەست بەسەرداگرتنی ئەو هەموو بڕە لە ماددەی هۆشبەر ئاسان نییەو شەونخوونی ویستووە."

وتیشی،"لەماوەی ڕابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی عێراق بازرگانێکی نێودەوڵەتیمان لەشاری کەرکوک دەستگیرکرد، 51 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری ئامادەکردبوو بیهێنێتە هەرێمی کوردستان."

وته‌بێژی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند "زۆربه‌ی ئه‌و ماددانه‌ی ده‌هێنرێنه‌ هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌برێن و هه‌رێم وه‌كو ترانزێت به‌كارده‌هێنرێت."

 
 
 
 
 


ڕیکلام