بانكی ناوەندی عێراق میكانیزمی نوێی بۆ پێدانی دۆلار بە گەشتیاران دیاریكرد

  2024-07-04  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بانكی ناوەندی عێراق میكانیزمی نوێی بۆ وەرگرتنی دراوی بیانی دۆلار ئاشكرا كرد، كە لە ڕێگەی فرۆشگای كۆمپانیا و بانكەكانەوە دەدرێت بە گەشتیاران لە فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكان.

بانکی ناوەندیی عێراق میکانیزمی نوێی وەرگرتنی دراوی بیانی (دۆلار)ـی بۆ گەشتیاران ئاشکرا كرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، وه‌رگرتنی دراوی بیانیی ته‌نیا لە ڕێگەی کۆمپانیا و بانکەکانەوە دەبێت لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکان.

 

بانکی ناوەندیی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، ئامانج له‌و میكانیزمه‌ نوێیه‌ كه‌ له‌ 14ـی ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی دۆلار به‌ شێوەی دروست و ڕاسته‌قینه‌ بگاته‌ ده‌ست گه‌شتیار و خێراتر دۆلاری پێ بگات.

ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه‌، گەشتیاران پشکی خۆیان لە دراوی بیانی (دۆلار) له‌ کۆمپانیا و نووسینگه‌كانی ئاڵوگۆڕی مۆڵەتپێدراو كه‌ له‌ هه‌موو شاره‌كاندا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ وەردەگرن.

ده‌شڵێت، نرخی دۆلار به‌ هه‌مان نرخی بانكی ناوه‌ندیی به‌ گه‌شتیاران ده‌درێت، به‌و پێیه‌ی گه‌شتیار ده‌بێت له‌ لایه‌ن كۆمپانیا و نووسینگه‌كانه‌وه‌ ناوی تۆمار بكرێت و ناوی بخرێته‌ سه‌ر پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بانکی ناوەندیی عێراق له‌ لایه‌ن ئه‌و بانكه‌یشه‌وه‌ پسوولەیەکی پشتڕاستکردنەوەی دانانی دینارەکەی پێ بدات، بۆ ئەوەی دۆلارە کاشەکە بە تایبەتی لە ناو فڕۆکەخانە وەربگرێت.