بافڵ جەلال تاڵەبانی: شەهید جوامێر لەپێناو سەرفرازیی خەڵک و سەقامگیریی خاکەکەمان گیانی بەختکرد

  2024-07-14  | 
دۆسیە:  یەکێتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشە تیرۆریستیەکەی بەیانی ئەمڕۆی قەرەهەنجیر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "شەهید جوامێر لەپێناو سەرفرازیی خەڵک و سەقامگیریی خاکەکەمان گیانی بەختکرد و ئەمەش بەرزترین پلە شەهادەتە کە هەرگیز لەیادی ناکەین".

دەقی پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان :

شەهیدبوونی (جوامێر عەزیز رەشید) تێکۆشەری کوردستان و کارمەندی هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەیەکی تیرۆریستانی داعش لە قەرەهەنجیر، خەمێکی گەورەیە و لە دڵەوە نیگەرانین.

شەهید جوامێر لەپێناو سەرفرازیی خەڵک و سەقامگیریی خاکەکەمان گیانی بەختکرد و ئەمەش بەرزترین پلە شەهادەتە کە هەرگیز لەیادی ناکەین. کەسوکارە سەربەرزەکەشی دڵنیادەکەینەوە تۆڵەی خوێنی شەهید جوامێر دەکەینەوە و وەکچۆن بەڵێنمانداوە هیچ پانتاییەک بۆ تیرۆر و تیرۆریستان نەهێڵینەوە، ئەم کۆستە گەورەیەش سوورترمان دەکات بەتوندترین شێوە رووبەڕوویان ببینەوە.

لەخوای گەورە داواکارم شیفای کارمەندە بریندارەکان بدات و سوپاسی دڵسۆزی و خۆڕاگرییان دەکەین. ستایشی هەوڵ و شەونخوونی هێزەکانی ئاسایش و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی کوردستان دەکەین کە ماندوونەناسانە سەقامگیریی هەرێمەکەمان و ژیانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەپارێزن.

پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکاری سەربەرزی کاک جوامێر عەزیز و هەڤاڵانی دەکەم و هاوبەشی ئەم ماتەمەم. خوای گەورە هەڤاڵ جوامێر بە بەهەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەهەموولایەک ببەخشێت.


دڵسۆزتان 
بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان