بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر ڕووداوەکەی دوێنێ شەوی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "شەھید کردنی کاک ئاری لە کاتی کاردا لە دڵەوە نیگەرانی کردم، داوا لە دەزگای ئاسایش دەکەم بەزووترین کات ئەنجامدەرانی تاوانەکە رووبەڕووی یاسا بکەنەوە".
دەقی ڕاگەیەنراوەکە..
شەھیدکردنی کاک ئاری و بریندارکردنی ھاونیشتمانییەکیتر لەکاتی کار و پەیداکردنی بژێویی ژیانیاندا، لەدڵەوە نیگەرانیکردم.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و ھاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەکەی کاک ئاری دەکەم و ھاوبەشی ئەم ماتەمەم، لەخوای گەورەش داواکارم شیفای بریندارەکە بدات و ھیوای چاکبوونەوەی بۆ دەخوازم.
شەھیدکردنی کاک ئاری تاوانێکی گەورەیە، دەبێت بکەرانی بە سزای یاسایی خۆیان بگەن، داوا لە دەزگای ئاسایش دەکەم بەزووترین کات ئەنجامدەرانی تاوانەکە رووبەڕووی یاسا بکەنەوە تاوەکو لەمەودوا ھیچ کەسێک جورئەت نەکات دەست بۆ ژیانی خەڵک ببات. ھاوکات رایدەگەیەنم دەبمە پارێزەری بنەماڵەی سەربەرزی کاکە ئاری تاوەکو ئەم دۆسیەیە رێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت و دادگا بڕیاری دادپەروەرانەی خۆی بدات.
ھاوکات سەرجەم دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکان دڵنیادەکەمەوە ھەرکەسێک لە ھەر پلە و پۆستێکدا بێت و یاساشکێنی بکات، یاخود ببێتەھۆی دروستکردنی پشێوی و پاڵپشتی ھەر تاوانێک بکات، رادەستی یاسا دەکرێت و ھیچ لێخۆشبوونێک بۆ ئەو کەسانە نییە کە ژیان و سەقامگیریی خەڵکەکەمان دەخەنە مەترسییەوە. دووپاتیشیدەکەینەوە ئەرکی کارمەندانی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، پاراستنی ژیانی خەڵک و رووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنانە، ھیچ جۆرە کەمتەرخەمییەک قبووڵناکرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
خوای گەورە کاکە ئاری بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بەھەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان