تەڤگەری ئازادی کوردستان: قەدەغەکردنمان بڕیارێکی تەواو سیاسیە

  2024-08-06  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادی لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەیان ڕایگەیاند، تانە لە بڕیارەكە دەدەین چونكە بڕیارێکی تەواو سیاسییە و لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دراوە و دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە.

تارا حسێن، هاوسەرۆكی گشتیی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکمان بینی، کە ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بڕیاری داوە بە قەدەغەکردنی سێ پارتی سیاسی، لە ناویشیاندا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، لە کاتێکدا لە 17ـی 10ـی 2014وە، تەڤگەری ئازادیی دامەزراوە و کار و خەباتی مەدەنییانەی بەڕێوەبردوە، هەروەها لە دامەزراوەی کاروباری سیاسی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی فەرمی وەرگرتوە، ئێمە بە بیستی ئەم بڕیارە شۆک بوین.

وتیشی: پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە هیچ ئاگادارکردنەوەو هۆشدارییەکمان بۆ نەهاتوە، وەک دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی، کە دۆسییەیەکی سیاسیی لە دژمان کرابێتەوە و مافی بەرگریکردن لە خۆمان پێ درابێت، ئەم بڕیارە نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر دادگاکانی عێراق، ناکرێت هێزێکی سیاسیی فەرمی، کە بەهیچ جۆرێک کاری نایاسایی نەکردوەو ئەندامانیشی لە هیچ پێشێلکارییەکی یاساییدا بەشدار نەبون و بچوکترین لادانمان نەبوە، بڕیارێکی وای لە دژ دەربکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەڤگەری ئازادی، پارە و سەرچاوەی دارایی لە هیچ هێز و گروپ و لایەنێک وەرنەگرتوە، جگە لە هاوکاریی گەل و ئابونەی ئەندامانی، کە ساڵانە یەک مانگ تەرخان دەکەین بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە گەل، تەنانەت تاکە حزبین کە سەرچاوەی داهاتمان ئەوەندە شەفاف بێت، ئەو بڕیارە لە دژی پڕەنسیپ و بڕیارو مەبدەئی ئێمەیە، ئەوەی کە دەستی لە پەلکێشکردنی داگیرکەران بۆ ناو خاکی کوردستان هەیە، دەبێت ئەو دادگایی بکرێت، ڕوی دەممان دەکەینە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە بیسەلمێنن لە کوێدا تەڤگەری ئازادی، کارێکی نایاسایی کردبێت، لە ڕاستیدا ئێمە لە دژی هەر پێکهاتە و هێزێکین کە دەرەکی بێت و لە دژی پێکهاتەکانی عێراق بێت.

 





ڕیکلام