دادگای فیدراڵی لەسەر پرسی فرەژنی لە هەرێمی کوردستان سکاڵای سێ پارێزەری لەو بارەیەوە رەتکردەوە و رایگەیاند، "لە سکاڵاکەدا مەرجەکانی بوونی بەرژەوەندیی پێویست بەدی نەهاتووە".
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بڕیاری خۆی لەبارەی سکاڵایەکەوە دەرکرد کە سێ پارێزەری کورد بەناوەکانی (ئاسۆ هاشم- موحسین فەرەج- سەردار شێخانی) تۆماریان کردبوو.
سکاڵاکارەکان لە سکاڵاکەیاندا داوایان لە دادگای فیدراڵی کردبوو، مادەی یەکەمی هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە(١٥)ی ساڵی(٢٠٠٨)ی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوریی بناسێنێت، کە هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراقەو مەرجی ئەوەی بەبێ مۆڵەتی دادوەر پیاو هاوسەرگیریی لەگەڵ زیاتر لە یەک ژندا بکات.
دادگا بەپاساوی ئەوەی لە سکاڵاکەدا مەرجەکانی بوونی بەرژەوەندیی پێویست بەدی نەهاتووە، سکاڵاکەی رەتکردەوە.