وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی پێدانی تۆپهاوێژ بە پێشمەرگە روونکردنەوە دەدات

  2024-09-19  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، پێدانى تۆپهاوێژەکان بە هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای یاداشتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق بووە.

وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،  وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سەبارەت بە پرسی ئەو تۆپهاوێژانەی جۆری هاوێتزەری 105 ملمن و دراون بە هێزەكانی پێشمەرگە، لەسەردەمی عیرفان حەیالی وەزیری بەرگریی پێشووتر كڕدراون و لەسەردەمی جومعە عیناد وەزیری پێشووی بەرگریی عێراق گۆڕانكارییان تێدا كراوە.

لە راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژە بەوەشکراوە، لە 20ـى تشرینى دووەمى 2023 تۆپهاوێژەکان گەیشتوونەتە بەندەرى ئوم قەسر، پاش یاداشتێکى سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپا بۆ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزەچەکدارەکانى عێراق تۆپهاوێژه‌كان راده‌ستی پێشمه‌رگه‌ كراون.

دەشڵێت، هێزەكانی پێشمەرگە هێزێكی نیشتیمانین و هیچ گومانێك لە دڵسۆزییان بۆ عێراق نییە، بابەتی تۆپەكان پێش حەوت ساڵ باس كراون و تا هەموو ڕێوشوێنەكان نەگیراونەتەبەر ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە نەكراون.