وەهاب هەڵەبجەیی: دەست بە سنگەوە دەگرین لە ئاست خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال

  2024-10-03  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەبۆنەی ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال وەهاب هەڵەبجەیی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، " هەردەم ئاکار و ڕەفتار و گوفتاری ئەو پیاوە مەزنە بووەتە ڕۆشنکەرەوەی ڕێمان و بۆ هەر قۆناغ و وێستگەیەکی ژیانمان لێی بەهرەمەند دەبین".

وەهاب هەڵەبجەیی  ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ی.ن.ک رایدەگەیەنێت: بەوپەڕی شکۆ و ڕێزەوە یادی شکۆی نەتەوەیەک (سەرۆک مام جەلال) دەکەینەوە، هەرچەندە ئێمە و ئەوانەی بوونەتە ڕێبوارێکی ئەو ڕێبازە، هەردەم ئاکار و ڕەفتار و گوفتاری ئەو پیاوە مەزنە بووەتە ڕۆشنکەرەوەی ڕێمان و بۆ هەر قۆناغ و وێستگەیەکی ژیانمان لێی بەهرەمەند دەبین.

لەبەشێکی پەیامەکەیدا وەهاب هەڵەبجەیی دەڵێت: لێرەدا ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە سەرەڕای چەندین پیلانگێڕی ناوخۆیی و دەرەکیی کە ئامانجیان لێی لێدان بوو لە کرۆک و بەها و بنەماکانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، بەڵام ئێستا بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان گەڕێندراوەتەوە بۆ سەر ڕێڕەوە ڕەسەنەکەی خۆی بەو شێوەیەی سەرۆک و ڕابەرمان مام جەلال بونیادی نا، ئێستا یەکێتی لە هەرکات بەهێزترە و بەرەو سەرکەوتنی مەزنتر هەنگاودەنێت پشتیوان بە خودا و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشداوە: دەست بە سنگەوە دەگرین لە ئاست خەبات و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلال کە تەمەنی خۆی بەخشییە کوردستان و گەلەکەی.