لیستی سەوزی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە پشتگیری بانگەوازەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەکەن بۆ رەتکردنەوەی پرۆژەی "هەژماری من" و پشتیوانیکردن لە تەوتین کردنی موچە لە بانکە فیدڕاڵییەکان، دەشڵێن، "دەشخوازین لایەنەکانیتریش پشتگیری بکەن، بۆ ئەوەی بە یەکجاری کێشەی پاشەکەوت و لێبڕین و پێنەدان و بەبارمتەگرتنی موچەی مامۆستایان بۆ بەرژەوەندی تایبەت کۆتایی پێبێت"
دەقی ڕاگەیەندراوی لیستی سەوزی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان..
لە دوای دەرچونی بڕیاری دادگای فیدرالی سەبارەت بە موچە ، وەک یەکێتی مامۆستایان باوەڕی تەوامان بەوە هەبوو، تەنها بە تەوتین کردن کێشەی موچە کۆتایی دێت، بۆیە بەردەوام داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە، پشت لە هەژماری من بکەن و پشتگیری پرۆسەی بە بانکیکردن لە بانقە حکومیەکان بکەن، خۆشبەختانە بەڕێز کاک باڤل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند، وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەژماری من رەتدەکەینەوە و پشتیوانی لە تەوتین کردنی موچەکان لە بانکە حکومیەکانی سەر بە مەرکەز دەکەین، ئەوەی راستی بێت ئەو هەڵوێست و بڕیارە رێک رەنگدانەوەی داخوازیەکانی زۆربەی مامۆستایانە لە هەرێمی کوردستا،ن چونکە پێیان وایە بە هەژماری من کێشەکان کۆتایی نایێت و هیچ سودیشی لێ ناکەوێتەوە، بەڵام بە تەوتین کێشەکان کۆتایی دێت و لە زۆر بواریش سود مەندبوونی تێدایە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری ئەو بانگەوازە مێژوییەی کاک باڤل دەکەین، دەشخوازین لایەنەکانیتریش پشتگیری بکەن، بۆ ئەوەی بە یەکجاری کێشەی پاشەکەوت و لێبڕین و پێنەدان و بەبارمتەگرتنی موچەی مامۆستایان بۆ بەرژەوەندی تایبەت کۆتایی پێبێت و بکەوێتە سەر شاڕێگەی خۆی
بەرجەستە بێت داخوازیەکانی مامۆستایان
بە هەوڵی دڵسۆزانەی رێبەرانمان
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت / لیستی سەوز
٤تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤