قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانی لە ئیدارەی راپەڕین، لەگەڵ بازنەی هونەرمەندانی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە ئیدارەی راپەڕین کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا هونەر خۆراکی روحی کۆمەڵگایە و کۆڵەیەکی سەرەکیی پاراستنی گیانی هەر نەتەوە و نیشتمانێکە. وتیشی هونەر بۆ ئەوەی گەشە بکات پێویستیی بە ئازادی هەیە و لە کوردستانیش چ لە رابردوو و چ لە ئێستادا و داهاتووشدا تەنها هێزێک کە پارێزەر و دابینکەری ئازادییە لەسەرجەم بوارەکاندا، هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد کە هونەر لە ژێر حکومڕانی هێزێکی پۆلیسیدا نەک هەر گەشە ناکات بەڵکو بەلاڕێشدا دەبرێت و کاری چەوت و چەواشە بە نرخی هونەر بە کۆمەڵگاش دەفرۆشنەوە. راشیگەیاند یەکێتی بە ئەرکی خۆی دەزانێت لە داهاتووشدا پارێزەر و دابینکەری ئازادی بێت بۆ هونەرمەندان و هەموو توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا و هەرگیزیش سازش لەسەر بەرتەسککردنەوەی ئازادی ناکات.
لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال روونیشی کردەوە کە باوەڕمەند بوون بە ئازادی بۆ یەکێتی تا ئەو ئاستە گرنگە کە نەک لە ئازادی ناترسێت بەڵکو شانازی بەوەوە دەکات لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا خەڵک ئازادن دژایەتی یەکێتی بکەن، شانازی دەکات کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا هێزی ئۆپۆزسیۆن سەرهەڵدەدات و گەشە دەکات و میدیای ئازاد سەرهەڵدەدات و گەشە دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند یەکێتی پلانی هەیە کە لەلایەوە ئازادی بۆ هونەرمەندان دابین بکات و دژی هەر هێزێک دەوەستێتەوە کە هەوڵی بەرتەسککردنەوەی سنوری ئازادی بدات و دەسەڵاتی پۆلیسی بسەپێنێت. لەلایەکی دیکەشەوە بە هەموو تواناوە هەوڵ دەدات پشتیوانی هونەرمەندان بێت و بە تایبەتیش هونەری رەسەن و باڵا لە کوردستان گەشە پێ بدات.
داواشیکرد هونەرمەندان لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا پشتگیری لە یەکێتی بکەن، چونکە بەس یەکێتی دەتوانێت و باوەڕیشی بەوە هەیە کە دەبێت پارێزەری ئازادی بۆ هونەرمەندان و رەخنەگران بێت. هۆشداریشی دا هێزێک بتوانێت رۆژنامەنووس و چالاکوانێک بە یاسای تیرۆر سزا بدات، دەشتوانێت و باکی نییە سبەی پاساو بۆ زیندانیکردن و سزادانی هونەرمەندێکیش بدۆزێتەوە.