ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماری قوربانییەکانی هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێرشەکان هەڕەشەن بۆ سەر ژیانی پێنج ملیۆن کەس.
ئەمڕۆ، لە بەردەم بارەگاکەیان لە ڕەقە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی هێرشەکانی چوار ڕۆژی ڕابردووی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەکە بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی سوپای تورکیا کرد و ئاماژە بەوەدراوە، هێرشەکان هەڕەشەیە بۆسەر گیانی پێنج ملیۆن کەس و لە ماوەی چوار ڕۆژی هێرشەکەدا خەڵکێکی زۆر ئاوارەبوون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئامانجی هێرشەکان پەککخستنی گۆڕەپانە ئابووریی و ژیانییەکانی هەرێمەکەیە و ڕاگەیاندرا، تورکیا دەیەوێت بەم شێوەیە پیلانەکانی لە دژی گەلەکەمان جێبەجێ بکات، بە پەرەدان بە گەمارۆی ئابووریی ژیانی گەل قورس بکات.
ئاشکراشیکرد، دەرئەنجامی هێرشەکان ناسەقامگیریی هەرێمەکەی لێدەکەوێتەوە، ئەم هێرشانە هەڕەشەیە بۆ هەوڵدانەکانی لەناوبردنی تیرۆر کە گەل و هێزەکانی ئاسایشمان بە هاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەڕێوەی دەبەن.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ئاماری هێرش و قوربانییەکانی لە چوار ڕۆژی ڕابردوودا بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:
– 118 هێرشی فرۆکەی سیخووڕیی.
– 20 هێرشی فڕۆکەی جەنگیی.
– 893 هێرشی تۆپبارانکردن.
– 1031 هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر.
– 17 شەهید.
– 65 بریندار.
– زیاتر لە 150 هەزار بنەماڵە بە هۆی هێرشی سەر وێستگەکانی کارەبا بێ کارەبا بوون، بە هۆی پچرانی کارەباوە وێستەگەکانی دابەشکردنی ئاویش لە کارکەوتوون.
– لەکارکەوتنی نانەواخانەکان و کەمبوونەوەی سوتەمەنی.