فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە زانیاری نوێ لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەخاتەڕوو و دەڵێت، "هێزەکانمان هەڵناوەشێنینەوە و بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا گرنگە".
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هەسەدە لەچاوپێکەوتنێکی میدیایدا لە کەناڵی (ئەلعەرەبییە) رایگەیاند: بانگێشتی کۆبوونەوەی یەکخستنی گروپەکان لەنێو وەزارەتی بەرگری نەکراون، ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە نایانگرێتەوە، چونکە بەشێک نەبوون لێی.
ئاماژەی بەوەشدا: بڕیاریان نەداوە چەکەکانیان رادەستبکەن، یان خۆیان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام دەیانەوێت لە ئاییندەدا بخرێنەناو سوپای سوریاوە.
باسی لەوەشکرد: جگە لە دانوستان هەر رێگایەکی دیکە بۆ یەکخستنی ھێزەکان لەنێو وەزارەتی بەرگریدا دەبێتەهۆی روودانی گرفتی گەورە.
وتیشی: پێشنیاریان کردووە بە پێکھێنانی لیژنەیەکی سەربازیی هاوبەش بۆ تاوتوێکردنی پرسی یەکخستنی هێزەکان و، دژی بوونی دوو سوپان لە سوریا.
روونیشیکردەوە: پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردەی ئیدارەی نوێی سوریا "کردار دیاری دەکات، نەک گوفتار".
مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا هێمای بۆ ئەوەکرد : "بوونیان گرنگە بۆ لێکنزیککردنەوەی تێڕوانینەکان".