دەرچوانی یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ و پەیمانگاکان بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان بڵاوکردەوە و تیایدا هەڕەشەی مانگرتنی سەرتاسەری دەکەن، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە.
لە بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتیدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە، دەرچوانی یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ و پەیمانگاکان رایانگەیاندووە، ئێمە وەک دەرچوانی یەکەم و دووەم و سێیەمی سەر ئاستی بەش و کۆلێژەکانی زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2016 -2017، ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لەچاوەڕوانی دامەزرانداین و تا ئێستا بڕیار لە دامەزراندنمان نەدراوە .
ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەگەرچی لەبەرواری 1ی 10ی ساڵی 2019 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە نوسراوی فەرمی داوای ناوەکانمانی لە زانکۆکان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدراوە .
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، سەرەڕای ئەوەش چەندین جار لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی پەروەردە و خوێننی باڵا و بەرپرسانی باڵا لەوەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران پێیان ڕاگەیەندراوە کە لە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دامەزراندنیان، بەڵام تائێستا ئەم هەوڵانە نەکەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە .
ئاشکراشیانکردووە، ئەوەی کە نیگەرانی لای ئەوان دروستکردووە، ئەو وەڵامە بووە کە ئەنجومەنی وەزیران لەم چەند ڕۆژەدا داویەتی بە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان و تیایدا ئاماژەکراوە بە ڕاگرتنی دامەزراندن و تیایدا بەتایبەت ئاماژە بە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان کراوە .
دەرچوانی یەکەم و دووەم و سێیەمی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کۆتایی بەیاننامەکەیاندا رایانگەیاندووە، بەردەوام دەبن لەفشار و چالاکی مەدەنیانە تا ئەوکاتەی بەفەرمی بڕیاری دامەزراندنیان دەدرێت پێش دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بەپێچەوانەوە مانگرتنی سەرتاسەری ڕادەگەیەنین .
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی٧ی٢٠٢٠، عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، حكومەت نایەوێت هیچ داواكاییەك بۆ دامەزاراندنی سێ یەكەمەكەی زانكۆ و پەیمانگاكانیان ئاراستە بكرێت .