لە سلێمانى بەمەرج سەردانیکردنى زیندانیان دەستپێدەکاتەوە

  2020-07-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی سلێمانی رایگەیاند، بەچەند مەرجێك دواى کۆتایى هاتنى پشووەکانى جەژنی قوربان رێگە بە سەردانیكردنی زیندانیكراوان دەدرێت و ناشبێت قەرەباڵغی دروستبكرێت .

فەرهاد قادر بەرپرسى ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی سلێمانی بە (تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، لەدواى کۆتایى هاتنى پشووەکانى جەژنی قورباندا سەردانیكردنی زیندانیكراوان دەستپێدەکاتەوە و تەنها رێگە بە سێ كەسی پلەیەكی سزدراوان دەدرێت، بەڵام ناشبێت كە قەرەباڵغی دروستبكرێت .

 وتیشى، بەفەرمى سەردانیکردنى زیندانیان دواى کۆتایى هاتنى پشووەکانى جەژنى قوربان دەبێت، سەردانیکردنەکەش بەمەرج دەبێت.

ئەوەشى روونکردەوە،  یەكێكی دیكە لەمەرجەكان ئەوەیە دەبێت ئەو كەسەی دەیەوێت سەردانی چاكسازی بكات، پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای كردبێت و ناسنامەی پێ بێت، لەگەڵئەوەشدا رێنماییەكانی خۆپارێزی لەبەكارهێنانی دەستكێش و دەمامك جێبەجێبكات .

 ئاماژەى بەوەشکرد، لەگەڵ جێبەجێكردنی مەرج و رێنماییەكاندا و بەگوێرەی بلۆك و ڕاڕەوی ناو چاكسازیەكە، سزادراوان و كەسوكاریان لەكاتیی یەكتر بینین ئاگاداردەركێنەوە .

 ئەمە دواى ئەوە دێت،  لەمانگی ئاداری ئەمساڵ بەمەبەستی رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەردانیكردنی سزادراون راگیرا .

 



ڕیکلام