وەزارەتی ناوخۆیی هەرێم: برازاکەی ساڵح موسلیم لە هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاغ چووەتە تورکیا

  2020-07-22  | 
دۆسیە:  هەولێر
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێكی دیكەی لەسەر دۆسیەی دالیا مەحموود موسلیم بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، بەڕێگەی قاچاخ خۆی گەیاندبووەتە توركیا لە شاری مێرسین خۆی رادەستی پۆلیس كردووە

لە ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كە ئەمڕۆ چوار شەممە بڵاوكرایەوە ئاماژە بەوە دەكات، دەزگا ئەمنییەكان لەڕێگەی كەفیلی دالیا مەحمووە موسلیمەوە كە بازرگانێكی دانیشتووی دهۆكە و نزیكایەتی هەیە لەگەڵ ماڵباتی سەلامی یەڵمازو بە قاچاخ بردوویەتیە تورکیا و ئەویش خۆی رادەستی پۆلیسی شاری مێرسین كردووە .

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كەی ‌ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان

دوای بەدواداچونی دامودەزگا ئەمنییەکان لە سەر چۆنێتی ڕۆیشتنی  دالیا مەحمود موسلیم بۆ تورکیا، توانرا لە ڕێگەی  کەفیلی ناوبراو لە هەرێمی کوردستان بە ناوی (بەیار ئەحمەد سەعید) کە بازرگانێکی دانیشتوی دهۆکە، زانیاریی زیاتر بەدەستبخەین و ڕاستییەکانی پەڕینەوەی دالیا مەحمود موسلیم بۆ ناو خاکی تورکیا بخەینەڕوو .

بەیار ئەحمەد سەعید، کە دانیشتوی شاری دهۆكە و كاری بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكات، چۆنیەتی گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز و دواتر بە قاچاخ ڕۆیشتنی دالیا مەحمود موسلیم بۆ توركیا باس دەكات .

بەیار، نزیكایەتی و پەیوەندی لەگەڵ ماڵباتی سەلامی یەڵماز هەبووە، لەكاتی هاتنی دالیا موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان، بەیار لەسەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز دەبێتە كەفیلی و لەگەڵ سەلامی یەڵماز، لە ماڵەكەی خۆی دەیانحەوێنێتەوە.

دوای گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز بۆ توركیا، دالیا لە ماڵی بەیار دەمێنێتەوە و دواتر لە سەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز بە رێگەی قاچاخ دەینێرێتە توركیا.

بەیار دالیا‌ دەداتە دەست ئەو قاچاخچییەی كە ماڵباتی سەلامی یەڵماز بۆیان دەستنیشان كردوە و لەگەڵی رێككەوتوون
.

دوای گەیشتنی دالیا بە ماڵباتی سەلامی یەڵماز، وەك لە وێنەكان دەردەكەوێت، پەیوەندی بەیار لەگەڵ ئەوان بەردەوام دەبێ‌ و ماڵباتی سەلامی بە (بەیار)یان راگەیاندووە، کە سەلام و دالیا بە سەلامەتی بەیەکەوە گەیشتن و خۆیان ڕادەستی پۆلیسی شاری مێرسینی توركیا كردوەتەوە و دەشیانەوێت دوای خۆناساندن بە پۆلیس ژیانی هاوسەرگیری پێكبهێنن و بەیەکەوە بژین .

وەک لە پەیوەندییە ڤیدیۆکەشدا دیارە، سەلامی یەڵماز بە ئاشکرا بە بەیار ئەحمەد ڕادەگەیەنێت کە دالیا لە ڕێگەی قاچاخ دەرباز بووە و و هاتووەتە لای پیاوەکەی و پەیوەندیی بە هیچ کەسەوە نییە و خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا کردووە لە مێرسین و تەنیا خۆی و دالیا ئەو کارەیان ئەنجام داوە .

بەداخەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردودا خەڵکانێک ویستیان ڕاستییەکان بشێوێنن و بازرگانی بەم بابەتەوە بکەن، ئێمە لە کاتێکدا ئەو زانیارییانە دەیخەینەڕو، دووبارە ئامادەیی خۆمان بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی زیاتر لەمبارەیەوە دەردەبڕین.

هیوادارین چیتر ئەم بابەتە بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەهێنرێت و واز لە  ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی دالیا مەحمود و سەلامی یەڵماز بهێنرێت
.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان

2020/7/22



ڕیکلام