بەشێك لە ئەندامانی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی گۆڕدران

  2020-07-23  | 
کۆبوونەوەی قایمقامی سلێمانی لەگەڵ ئەندامە نوێیەکانی لیژنە هاوبەشەکان
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەشێك لە ئەندامانی لیژنە هاوبەشەكانی قەیمقامیەتی سلێمانی گۆڕدران و قایمقامی سلێمانیش رایگەیاند، ئامانجی لیژنە هاوبەشەكان سزادان و داخستن نیە بەڵكو ئامانجەكە باشتركردنی جێبەجێكردنی رێنمایی و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكانە.


ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دیوانی قائیمقامیەت لەگەڵ تیمە نوێكانی لیژنە هاوبەشكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبوویەوە و رایگەیاند: هەموو شەش مانگ جارێك ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی لیژنه ‌هاوبەشەكان گۆڕانكاریان بەسەردادێت، ئەندامە نوێكان درێژە پێدەری كارەكانی ئەندامانی پێشووی لیژنەكانن كە ئەركێكی نیشتمانی پێشكەش بە هاوڵاتانی شارەكە دەكەن.

ناوبراو وتیشی: ئامانجی سەرەكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی سزادان یان داخستنی شوێنەكان نییە، بەڵكو گەیشتنە بە ئاستێكی باش لە پابەندبونی خاوەن شوێنەكانە بە رێنماییەكانی كاركردن و كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان‌.

ئاوات محەمەد روونیكردەوە: بەپێی بەدواداچوونی لیژنەكان بەشێكی زۆری سەرپێچییەكان كەمتەرخەمیی خاوەن شوێن و ئەوكەسانەیە كە كاری تێدادەكەن نەك چاوچنۆكی، بەڵام لەئێستادا بەشێكی زۆری شوێنەكان پابەندی مەرج و رێنماییەكانی. 

قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆئەوەشكرد: قورسترین بڕیار بڕیاری داخستنی شوێنەكەیە، چونكە ئامانجی كاركردنەكانمان زیان گەیاندن نییە بە هیچ كەسێك بەڵام لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان ناچارین جێبەجێی بكەین.

لیژنه ‌هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەساڵی (2007)ەوە دروستكراوە  و تا ئێستا لە كاركردنیان بۆ چاودێریكردنی ناوەندە بازرگانی و خزمەتگوزاریەكانی شارەكە بەردەوامە. 


ڕیکلام