د. لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ كۆبوونەوە، و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە د. لەتیف ڕەشید و سودانی كۆبونەتەوە و گفتوگۆ دەربارەی دۆخی گشتی وڵات. و گرنگی پاراستنی سەروەری عێراق و پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی بەردەم ناوچەکە کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم كرا، و جەختکرایەوە لەسەر چارەسەرکردنیان لە چوارچێوەی دەستور و یاساییە کارپێکراوەکان بە شێوەیەک کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی بەردەوام بەدیبهێنێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکەدا ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا خرانەڕو، و جەختکرایەوە لەسەر گرنگی بەکارنەهێنانی سەرچاوە و توانای مرۆیی و ماددی دەوڵەت بۆ مەبەستی هەڵبژاردن، و ڕێگریکردن لە قۆستنەوەی پۆستە حکومییەکان بۆ کاریگەری خستنە سەر ئیرادەی دەنگدەر.