محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئامادەبوونی هەریەکە لە وەزیرانی دارایی و بازرگانی و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق. سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی زیادکردنی داهاتی نا نەوتی و پشتیوانی کردن و بەهێزکردنی سەرچاوە داراییەکانی دەوڵەت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و میکانیزمە دیجیتاڵییەکان و ئۆتۆماتیکیکردن کرا بۆ زیادکردنی داهات و پێشخستنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی زیاتر.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە گەشەپێدانی ئابوری دەبێت لە ڕێگەی وەبەرهێنانی نمونەیی پارەکانەوە بێت لەو شوێنانەی کە داهاتیان بەرزە، و دانانی پلان بۆ بەفیڕۆنەدانی خەرجی و کەمکردنەوەی بەهەدەردان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە داهاتی وەزارەتی بازرگانی و چۆنیەتی زیاد کردنیان و بەرزکردنەوەی کوالیتی بابەتی کارتی بەشەخۆراک و باشترین ڕێگا ئابورییەکان کرا لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکانی کڕینی گەنم و کۆگاکردنی و توانای لەخۆگرتنی بۆ وەرزەکانی داهاتو و خەرجی لەم بوارەدا.