ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا 16 ملیۆن كەسی تێپەڕ كرد

  2020-07-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهان 16 ملیۆن كەسی تێپەركرد و ژمارەی چاكبوونەوەش لە ڤایرۆسەكە نزیك بووەتەوە لە 10 ملیۆن كەس.


بەگوێرەی دواین ئامارە تۆمار كراوەكانی حكومەتەكان ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان گەیشتە 16 ملیۆن و 20 هەزار و  96 كەس، زۆرترین ژمارەی تووشبوونیش لە وڵاتی ئەمریكا تۆمار كراوە كە تا ئێٍستا چوار ملیۆن و 264 هەزار و 689 تووشبووی تۆمار كردووە. 

ڤایرۆسەكە تا ئێٍستا لە 215 وڵات و هەرێمی جیاوازی جیهان تۆماركراوە، ژمارەی چاكبوونەوەش لە ڤایرۆسەكە لەسەر ئاستی جیهان گەیشتووەتە نۆ ملیۆن و 793 هەزار و 882 كەس، ژماریە ئەو كەسانەشی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 644 هەزار و 30 كەس. 

لە ئێٍستادا لەسەر ئاستی جیهان پێنج ملیۆن و 581 هەزار و 853 كەیسی ئەكتیڤ ماونەتەوە كە دۆخی 66 هەزار و 250 كەسیان ناجێگیرە، لە دوێنێ 24ی تەمووز زۆرترین كەیس تۆمار كراوە كە 248 هەزار و 20 كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون. 

ڤایرۆسەكە بۆیەكەمجار لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە شێوەیەكی فەرمی راگەیەندرا كە لە وڵاتی چین تۆمار كراوە، بەڵام بەشێ,ەیەكی خێرا ئەو وڵاتە كۆنتڕۆڵی بڵاوبونەوەی كرد و لە ئێستادا لە زۆری ژمارەی تووشبووانی جیهاندا لە پلەی 26هەمین وڵاتی جیهاندایە. عێراقیش لە پلەی 23 هەمین وڵاتی جیهاندایە لە زۆری ژمارەی تووشبووندا. 

هەرچەندە رووسیا پلەی چوارەمی گرتووە لە زۆری ژمارەی تووشبووانی جیهان كە 806 هەزار و 720 تووشبووی تۆمار كردووە بەڵام لە ژمارەی گیان لەدەستداندا لە ریزبەندی 11 هەمین وڵاتی جیهاندایە كە 13 هەزار و 192 كەس گیانیان لەدەستداوە، بەوەش لە دوای هەریەكە لە وڵاتەكانی ئەمریكا، بەرازیل، بەریتانیا، مەكسیك، ئیتاڵیا، هیندستان، فەرەنسا، ئیسپانیا، پیرۆ، ئێران.