وەزارەتی ڕۆشنبیری: هیلا میوس و وەزیر بەهیچ جۆرێک پەیوەندیی سۆزدارییان نەبووە

  2020-07-25  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق ڕەتیكردەوە هیچ پەیوەندییەكی سۆزداری هەبوبێت لە نێوان وەزیرەكەی و هیلا میوس چالاكوانی ئەڵمانی، كە دوای چوار ڕۆژ بێسەروشوێن بوون دوێنێ ئازاد كرا .

لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق بڵاویكردەوە، چەند پەیج و ماڵپەڕی كۆمەڵایەتی پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاوكردووەتەوە، سەبارەت بە بوونی پەیوەندیی لە نێوان هیلا میوس چالاكوانی ئەڵمانی و حەسەن نازم وەزیری ڕۆشنبیری، كە هەندێك لەو نوسین و هەواڵانانە بابەتەكەیان بەستووەتەوە بە ڕفاندنی چالاكوانەكە و ئەو بەیاننامەیەی كە وەزارەت دەركردووە و داوای ئازادكردنی دەكات .

لە بەیاننامەكەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاماژەی بەوەكردووە، بەو پێیەی ئەوان بەرپرسی یەكەمن لە كلتور و ڕۆشنبیری و چاودێریشی دەكەن، بەلایەوە گرنگە ڕووی شارستانی وڵاتەكە دەربخات، كە بەرگری لە پێگەی عێراق دەكات لەو ڕووەوە، بۆیە بەگوێرەی ستراتیژیەتێكی روون ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ دەكات .

پێشی وایە ڕفاندنی هیلا میوس دەبێتە مایەی سوكایەتی بۆ ناوبانگی وڵاتەكە ولەباربردنی هەوڵە ڕاستەقینەكان  کە دەدرێت بۆ گێرانەوەی عێراق بۆ ڕۆڵی پێشەنگی خۆی لە شارستانیەیتی مرۆڤایەتیدا .

هەر لەبەیاننامەكەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوە كە باس لە پەیوەندیی نێوان ئەو چالاكوانە ئەڵمانییە و وەزیری ئەو وەزارەتە دەكەن، ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشتر بە هیچ شێوەیەك وەزیر و ئەو چالاكوانە یەكتریان نەناسیووە و چاویشی پێی نەكەوتووە .

لە كۆتایی بەیاننامەكەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری داوای لە قەڵەمە بوێرەكان كردووە، باشتر وایە پێش ئەوەی زانیارییەك بڵاوبكەنەوە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكەن بۆ راستی و دروستی زانیارییەكان، ئەویش لەپێناو پارێزگاریكردن لە راستگۆی و بەرپرسیارێتی وشە لەم چركە ساتە گرنگەی وڵاتدا .

ڕۆژی 20 ئەم مانگە هیلا میوس چالاكوانی ئەڵمانی لە نزیك ئەو سەنتەرەی كاری تیا دەكرد لە بەغدا پایبەتەخت فڕێنرا .

میوس بەڕێوەبەری بەشی كلتوری بەیمانگای گۆتەی ئەڵمانییە لەبەغدا .

دوای چوار ڕۆژ لەدیارنەمانی، وتەبێژی سەربازیی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هیلا میوس چالاكوانی ئەڵمانی لە ناوچەیەكی بەغدا ئازاد كراوە، بێ ئەوەی هیچ زانیاریەك لەسەر شوێن و ئەو كەسانەی كارەكەیان ئەنجامداوە ئاشكرا بكات .



ڕیکلام