چوار رۆژە مانگرتنى کارمەندانی بەنداوی دەربەندیخان بەردەوامە

  2020-07-26  | 
 هێمن میروەیس
ماوەى چوار رۆژە مانگرتنی کارمەندانی بەنداوی دەربەندیخان دژی دواکەوتنی موچەکانیان بەردەوامە و بەڕێوەبەرى بەنداوەکەش چەند زانیاریەک دەخاتەڕوو.

رەحمان خانى، بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان بە ( تۆڕى هەواڵى ژیان)ى راگەیاند، بەهۆى پێنەدانى مووچەکانیان بۆ ماوەى چوار مانگ، ئەمڕۆ چوار رۆژە کارمەندانی بەنداوى دەربەندیخان بایکۆتى دەوامیان کردووە.

 وتیشى، لە ساڵى 2017 وە لە لایەن بەغداوە موچەى کارمەندانى بەنداوەکان دابینکراوە، بەڵام لەمساڵدا لە کاتى دروستبوونى حکومەتى نوێى عێراق کێشە بۆ موچەى کارمەندان دروستکراوە و لە مانگى نیسانەوە موچەکانیان بۆ خەرجنەکراوە، لەکاتێکدا لە عێراق موچەى مانگى تەمموز خەرجدەکرێت.

 ئاماژەى بەوەشکرد، پشتگیرى لە مافەکانى کارمەندان دەکەن، هەرچەندە دەوامنەکردنیان کاریگەرى لەسەر بەنداوەکە هەیە و زۆر ئامێرى هەستیار لە بەنداوەکە هەن رۆژانە لەلایەن کارمەندانەوە چاودێرى دەکرێن، بەڵام چەند رۆژێکە ئەو داتایانە وەستاوە و ئەوەش کاریگەرى لەسەر سەلامەتى بەنداوەکە.

روونیکردەوە، مەترسیەکانى نەخوێندنەوەى ئەو داتایانە بۆشایەک دەکەوێتە وەرگرتنى داتاو چاودێرى بەنداوەکەوە، ئەگەر کێشەیەکى بچوک لە ئەو ئامێرانە و بەشێکى بچووک لە بەنداوەکە دروست ببێت و لەکاتى خۆیدا چارەسەر نەکرێت رەنگە زیانى ئەوەندە زۆر بێت دە هێندەى موچەى ئەو کارمەندانە بێت.

بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان سەر بە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقن و نزیکەی 400 فەرمانبەریان هەیە و مانگانە لەلایەن ەغداوە موچەیان بۆخەرجدەکرێت.




ڕیکلام