مستەفا كازمی هۆشداری دایە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی دەوڵەت

  2020-07-28  | 
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هۆشداری دایە فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی دەوڵەت و هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسای كرد لەبەرامبەر فەرمانبەرەكانی ئەگەر وەک پێویست هاوکاریی هاوڵاتیان نەکەن .

كازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند، بەهەموو توانای خۆیانەوە كاردەكەن، لەپێناو لابردنی بەربەست و ڕێگرییەكان و دابینكردنی داخوازی هاوڵاتیان و پێداویستییەكانیان .

سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، فەرمانیانكردووە بەسەرجەم وەزارەت و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، كە خۆیان بەدوور بگرن لە بەرامبەر دروستكردنی ڕێگری و كێشە و بیرۆكراسیەت بۆ هاوڵاتیان .

فەرمانیشیكردووە بە پەیڕەوكردنی شێوازی نەرم و گونجاو لە جێبەجێكردنی بڕیارەكان، هەر كەسێكیش كێشە لەبەردەم بڕیارەكانی حكومەتدا دروست بكات، رێوشوێنی یاسایی پێویستی لەبەرامبەر دەگیرێتە بەر .

لە بەشێكی تری وتەكانیدا كازمی ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە لەسەر وەزیرەكان گوێ لە هاوڵاتیان بگرن و بچنە ناو خەڵكەوە و پلانی خۆیان هەبێت بۆ داخوازییەكانی هاوڵاتیان، هەر پلانێكی چاكسازی دەبێت پلانی هاوتەریبی دیكەی لەگەڵدا بێت، بۆ لەخۆگرتنی داخوازییەكانیان هاوڵاتیان .

جەختیشیكردەوە، هیچ پاشەكشەیەك ناكەن لەبەهێزكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و كاركردنیش بەردەوامەوە بۆ بەهێزكردنیان .

ڕوونیكردەوە ئەوان بەنیازی دەركردنی بڕیاری پێویستن بۆ دابینكردنی داخوازییەكانی هاوڵاتیان .

لە كۆتایی وتەكانیدا سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەكرد، هێزە ئەمنییەكان پابەندن بەوەی پارێزگاری بكەن لە جموجوڵ و خۆپیشاندانەكان و دەبێت خۆپیشاندەران بپارێزرێن لەوەی بكرێنە ئامانج و هەوڵدان بۆ تێكەڵكردنی پەیامەكان، جا لە هەر لایەنێكەوە بێت .



ڕیکلام