لەسەر قسەکانی پەرلەمانتارەکەی پارتی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

  2020-07-28  | 
هەولێر
لۆگۆی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەسەر قسەکانی پەرلەمانتارێکی پارتی، کە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەماندا کردی، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، قسەکانی نازانستی و نالۆژیکی بوون.

لە پەیامەکەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستاندا هاتووە، "سەبارەت بە قسەی ئەو ئەندام پەرلەمانە لەدانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، کە ئاماژەی بە حکومڕانی سەردەمی خەلیفەی راشیدین کرد، بۆ هەموو لایەک رایدەگەیێنین، کە پەرلەمان شوێنی ئەو جۆرە کارانە نییە و پشتبەستن بە کتێبێکی هاوچەرخی مێژوویی بۆ هەڵسەنگاندنی مێژووی زێڕینی سەرەتای ئیسلام و هەڵوێستی خەلیفە بەڕێزەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) شتێکی نازانستی و نالۆژیکییە ".

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمە وێڕای بریندارکردنی هەستی موسڵمانان لەهەمانکاتدا بێڕێزییە بەرامبەر بە هاوەڵانی پێغەمبەری خوا و هیچ جۆرە سووکایەتیەک بەرامبەر یاوەرانی رێزدار جێگای قەبوڵکردن نییە و پێویستە بکەری ئەو جۆرە کارانە بەزوویی داوای لێبوردن بکەن.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داواشی لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد، ڕێگری بکات لە دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتانە.

لە میانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری پارتی رایگەیاند، گەندەڵی لە سەردەمی عوسمانى کوڕى عەفانەوە دەستیپێکردووە و ئەوەش کاردانەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.



ڕیکلام