ئاسایشی گەرمیان: بکوژی ئەو ئافرەتەی لەنزیک دەربەندیخان کوژرا دەستگیرکرا

  2020-07-29  | 
گەرمیان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند، بکوژی ئەو ئافرەتەی لەسەر رێگای دەربەندیخان – شێخ تەوێل کوژرا، دەستگیرکراوە.

ئاسایشی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی رۆژی 25/7/2020 هێزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخان، لە بوونی تەرمی ئافرەتیک لە سەر ڕێگای (دەربەندیخان/شێخ تەویل) ئاگادارکرانەوە، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە سنوری ڕووداوەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا لەبەر نەبوونی بەڵگە و ناسنامە تەرمەکە نەناسراوەتەوە و راستەوخۆ دەستکراوە بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە تاوانلێکراو ناوی (خ ح ر) و لە دایکبووی ساڵی (1996) و دانیشتووی گەڕەکی کەنەسورەی شاری سلێمانییە.

ئاسایشی گەرمیان راشیگەیاندووە، دواتر مەفرەزەیەکی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخان چوونەتە شوێنی نیشتەجێبوونی تاوانلێکراو لە پاریزگای سلێمانی و دوای کۆکردنەوەی زانیاری و سەرەداوەکان لە ڕێگای کامێرای چاودێری و لە ژیر چاودێری ڕاستەوخۆی بەرێوەبەری ئاسایشی گەرمیان و بە هاوکاری یاریدەدەرێتی ئاسایشی کفری، لە بەرواری 28/7/2020 توانراوە تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە بەناوی (ه ق ر) دەستگیربکرێت.

ئاشکراشیکردووە، ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە، لەدایکبووی ساڵی (1995) و دانیشتووی گەڕەکی (باوە شاسوار)ی قەزای کفرییە و لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانیناوە بە تاوانەکەدا.

راشیگەیاندووە، لەئێستادا و لەسەر بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دەربەندیخان، بە پێی ماددەی (406)ی یاسای سزادانی عێراقی، تۆمەتباری ناوبراو ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە .

ئاسایشی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئۆتۆمبێلەی کە تۆمەتبارەکە تاوانەکەی  پێئەنجامداوە، لە بەرواری 27/7/2020 لە لایەن هێزەکانی یاریدەدەرێتی ئاسایشی دەربەندیخان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، لە ناو شاری کەلاردا دەستی بەسەرداگیراوە .



ڕیکلام