لە ناوچە شاخاوییەکانی شارۆچکەی نەوسوود سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان، کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا .
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ی٧ی٢٠٢٠، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە کوێستانەکانی ناوچەی ملەقەندی شاری نەوسوود، تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک کوژراوە .
ئاماژەی بەوەشکردووە، ناوی ئەو کۆڵبەرە وەزیر محەمەدییە کە تەمەنی ٢٩ ساڵ و خەڵکی گوندی حەشمیر-ی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی بووە، وەزیر خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە .
ئاشکراشیکردووە، بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و ئەو وێنانەی دەست رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کەوتووە، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە نزیکەوە تەقەیان لە وەزیر محەمەدی کردووە و سەری ناوبراویان کردووەتە ئامانج .
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا، لانیکەم ٢١ کۆڵبەر لە سنورەکانی شارۆچکەی نەوسوود کوژراون و برینداربوون.