مەڵبەندى دووى یەکێتى: عەرەبە هاوردەکان بە هێزێکی زۆرەوە هاتوونەتەوە بۆ سنورەکە

  2020-08-02  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە بانگەوازێکدا رایگەیاندووە، عەرەبە هاوردەکان بە هێزێکی زۆرەوە هاتوونەتەوە بۆ سنورەکە.

بانگەوازەکەى یەکێتى کە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کراوە تیایدا هاتووە، ڕێگانادەن دەست بۆ زەوی و زاری کورد و هیچ پێکهاتەیەکی دیکە ببرێت.

دەقی بانگەوازنامەکە :

بانگەوازێک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان .

بە داخەوە لە کاتێکدا هاونیشتمانییانی کەرکوک و داقوق و دووزخورماتوو سەرقاڵی بەڕێکردنی بۆنەکانی چەژنی قوربانن، لەم کاتەدا و بەدەر لە رێوشوێنە دەستوری و یاساییەکان بەشێک لە "عەرەبە هاوردەکان" کە لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە کەرکوک و دەوربەریان بەجێهێشتوە و پێشتر لە چوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەب کردن هێنرابونە کەرکوک ناوچەکانی دەوروبەری، ئەمڕۆ جارێکی تر و بە مەبەستی بە عەرەب کردنەوەی ناوچەکانی (حەڤتەغار و مەهاوش و کولیتەپەی سەر بە شارۆچکەی داقوق) بەهێزێکی زۆرە هاتوونەتەوە سنورەکەو دەیانەوێ دووبارە لە سەر زەوی و زاری کوردی رەسەنی دانیشتووی ئەو ناوچانە نیشتجێ بکرێنەوە !

لەم رووەوە داوا لە سەرۆک کۆمار و سەرەک وەزیڕان و وەزیری ناوخۆی عیراقی فیدڕاڵ و، نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکەین کە بە پەلە رێگە لەم دەستدرێژی و داگیرکارییە بگرن و رێگە نەدەن ئاشتی کۆمەڵایەتیی بشێوێنرێ و پەیوەندی لە مێژینەی نێوان پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوک تێکبدرێ. ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرلەبەری ئەم هەڵسوکەوتە داگیرکارییە رەتدەکەینەوە و بە سەرەتایەکی مەترسیداریشی دەزانین بۆ لێکترازانی نێوان پێکهاتەکان بە تایبەتیش نێوان کورد و عەرەب، لەو رووەوە داوا لە هێزە ئەمنییەکانیش دەکەین بە پەلە رێوشوێنە دەستورییەکان بگرنەبەر و رێگە لەم داگیرکارییە بگرن و لایەنگیری نەکەن !

لەم سۆنگەیەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەین دەست بۆ زەوی و زاری کورد و هەر پێکهاتەیەکی تریش ببرێ و لەو پێناوەدا هەموو رێو شوێنێک دەگرینەبەر و ئامادەی هەموو شێوازێکی خەباتی مەدەنی و سیاسین، هەر ئەمڕۆش  لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوک و پەرلەمانتارەکان لە سەرخەت بوونە بۆ ئەو مەبەستە و پەیوەنییان بە بەڕێز سەرۆک کۆمار و وەزیری ناوخۆ و داد و فەرماندەی ئۆپەراسیۆن و پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت و لایەنەکانی ترەوە کردووە و لە بەرامبەردا ئەوانیش بەڵێنیان داوە بە دەستور و یاسا چارەسەری ئەم کێشەیە بکەن و هەر رێوشوێنێک پێویست بوو بگرینەبەر‌ بە مەبەستی کۆتایی هێێنان بەم کێشەیە .

مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

2-8-2020



ڕیکلام