جەمال شکور: هەندێک کەسی شۆڤێنی دەستیان لەپشت رووداوەکەی دووزخورماتوودا هەیە

  2020-08-02  | 
کەرکوک
جەمال شکور پەرلەمانتاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: سۆران عەبدولکەریم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانتارێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەندێک کەسی شۆڤێنی دەستیان لەپشت رووداوەکەی ئەمڕۆی دووزخورماتوودا هەیە .

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی هەواڵی ژیان، جەمال شکور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو عەرەبانەی ئەمڕۆ بۆ سنورەکانی داقوق و دووزخورماتوو گەڕوانەتەوە، زۆربەیان قەرەبوو کراونەتەوە و خەڵکی کەرکوک نین و بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە گەڕوانەتەوە .

وتیشی، دوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، هەرچی زووتر پرسی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لە گەڵ حکومەتی عێراق یەکلایی بکاتەوە .

جەمال شکور راشیگەیاند، رۆڵی پارێزگای کەرکوک لە چارەسەرکردنی کێشەکە رۆڵێکی خراپە، بۆیە دوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا بکات، ئەوەی پارێزگای کەرکوک دەیکات لە دەسەڵاتی ئەو دا نییە و دەبێ بەپێی دەستوور هەڵسوکەوتی لەگەلدا بکرێت، دەشڵێت، ئەگەر ئەم کێشەیە ئاو بڕاوت و چارەسەر نەکرێت کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە .

دواشیکرد، پێویستە بەپێی مادەی ١٤٠ چارەسەرێی بنەڕەتی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە .

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاند، بابەتێکە زۆر هەستیارەوە و تەنها کێشەی کەرکوکیان نییە و کێشەی هەموو کوردە و دەبێ لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە گرنگی پێبدرێت .

دووپاتیشکردەوە، داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین، بێتە سەرخەت تاوەکو کێشەکە لە دەست دەرنەچووە و هۆشداری ئەوە دەدەین کە مەترسی گەورەی لەپشتەوەیە .

ئەم لێدوانەی جەمال شکور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوەدێت کە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی٨ی٢٠٢٠، پۆلیسی فیدراڵی،عەرەبی هاوردەیان بۆگوندەکانی سنوری داودەو دووزخورماتوو بردوە و کوردەکانیش رێگریان لێکردوون و لە ئەنجامدا گرژى لەنیوان هەردوولا دروستبوو .



ڕیکلام