گەرمیان.. دوو برا لەئاودا خنکان

  2020-08-03  | 
 هێمن میروەیس
لە گوندی بنکە لە گەرمیان دوو مێرمنداڵ کە برابوون، لە ئاودا خنکان.

عەلی جەمال قدووری وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی٨ی٢٠٢٠، لەگوندی بنکە سەربە ناحیەی خان، تەرمی دوو مێرمنداڵ کە برای یەکترن، بەناوەکانی ڕێبین یاسین محەمەد لەدایکبووی 2014 و هارون یاسین محەمەد لەدایکبووی 2003، هێنرانە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار کەبەهۆی خنکان لە ئاودا گیانیان لەدەستدابوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەوتەی کەسوکاری ئەو دوو میرمنداڵە کە دانیشتووی گوندی بنکەن، بەمەبەستی مەلەکردن چوونەتەسەر مەشروعێکی ئاو کە نزیکە لەگوندەکەی خۆیانەوە، دواتر یەکێک لەمێرمنداڵەکان کەوتۆتە ئاوەکەوە و لەکاتێکدا براکەی ویستوویەتی ڕزگاری بکات، ئەویش ژێرئاو کەوتووە و خنکاون .

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان راشیگەیاند، لەئێستادا تەرمەکان بەمەبەستی تۆێکاری ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کەلار کراون


ڕیکلام